|
به‌شی یه‌که‌م
عه‌لی قاسمی - نه‌غه‌ده
له ناو کۆی ئه‌م وتار و کتێبانه‌ی وه‌ک پێنج نه‌فه‌ری ئه‌م وتاره ئاماژه‌یان پێکراوه ـ جگه له نه‌فه‌ری کۆتایی ـ مێتۆدی خوێندنه‌وه یه‌که، هه‌ر ئه‌م کاره‌ی پێشتر مامۆستایانی موده‌ڕیس که‌ڵکیان لێوه‌رگرتووه بۆ وێنه له لێکدانه‌وه‌ی یه‌ک وشه ڕا گه‌یشتوونه به لابه‌یت و دواجار به‌یت و هێندێک جاریش به دوو به‌یت ویستوویانه مانا و لێکدانه‌وه‌ی خۆیان ئه‌نجام بده‌ن، له‌م ناوه دا مه‌سعوود محه‌ممه‌د له " ده‌سته و دامانی نالی " دا زۆر ساغکردنه‌وه‌ی وردی هه‌بووه له سه‌ر بۆچوونه‌کانی مامۆستایانی موده‌ڕیس، با به هێنانه‌وه‌ی چه‌ند نموونه هه‌ر له کتێبی ناوبراو بناغه‌ی باسه‌که‌مان پته‌وتر بکه‌ین:
" له‌م نووسینه‌م دا ته‌نها یه‌خه‌گیری شه‌رحی ئه‌و به‌یتانه ده‌بم که دیوانه‌که دا هاتووه** و من جۆرێکی جودا په‌سه‌ندیان ده‌که‌م، بێگومان زۆر شوێنی دیوانی نالی، جارێ به واتاگومی ماوه‌ته‌وه ئیتر سه‌به‌ب هه‌رچی بێت. له نموونه دا ده‌ڵێم قه‌سیده‌ی " ئه‌ی جیلوه‌ده‌ری حوسن " که له دیوانه‌که دا به ستایشی خودا حیساب کراوه، ئه‌ویش به ته‌ئویلێکی دووره‌ده‌ست هه‌ڵده‌گرێ به هه‌مان ئه‌رکی ته‌ئویل بدرێته‌وه به مه‌دحی یار، به تایبه‌تی له نیوه‌ی دووهه‌می به‌یتی سه‌ربه‌رگی لاپه‌ڕه 76 که ده‌ڵێ: ئه‌ی شه‌وقی ڕوخ و زه‌وقی له‌بت زائیقه به‌خشا، ئینجا له به‌یتی دوای ئه‌و دا، لاپه‌ڕه 77، که ده‌ڵێ:
جان به‌ر له‌بی بۆسه‌ی له‌بته عاشقی زارت
فالـبـاس یـستـوهـب مـن فیــک مــعاشـــــــا
به لای منه‌وه ئه‌م "خطاب" ه ناشێ بۆ لای خودا هه‌ڵبگێڕدرێته‌وه مه‌گه‌ر به زه‌بری کوته‌ک. ده‌بێ لێره‌دا بڵێم له شه‌ڕحی به‌یتی سه‌ربه‌رگی لاپه‌ڕه76 که ئه‌مه ده‌قییه‌تی به پێی نووسینی ناو کتێبه‌که:
فه‌یـازی ڕیـازی گوڵ و میـهر و مل و لـه‌عـــــــــلی
ئه‌ی شه‌وقی ڕوخ و زه‌وقی له‌بت زائیقه به‌خشا
وشه‌ی "مل" به مل و گه‌ردن لێکدراوه‌ته‌وه که‌چی وشه‌ی "مول ـ مل" ه به واتای شه‌ڕاب دێت هه‌ر ئه‌م واتایه‌ش جێی ده‌بێته‌وه له به‌یته‌که دا چوونکه له هه‌موو به‌یته‌که دا ته‌نها
"شه‌ڕاب" هه‌یه و... هتد."
مامۆستایانی موده‌ڕیسیش ده‌ڵێن:
جان به‌ر له‌بی بۆسه‌ی له‌بته عاشقی زارت
"فــالبـاس یســـتوهب من فـیک مـعاشـــــا"
ڵێکدانه‌وه‌که:
جان به‌ر له‌ب: ئه‌وه‌ی گیانی گه‌یشتبێته سه‌ر لێوی واته وه‌خت بێ گیانی ده‌رچێ. بۆسه: ماچ. عاشقی زارت: عاشقی تۆ که لاواز و بێ گیانه، یا عاشقی ده‌مت چوونکه (زار) به مانای ده‌میش هاتووه. بائس: نا‌ئومێد ئه‌گه‌ر له (بؤس) وه‌رگیرابێ، یا ماچ که‌ر ئه‌گه‌ر له (باس) وه‌رگیرابێ واته: عاشقی بێ گیانت، یا عاشقی ده‌مت، گیانی گه‌یشتووه‌ته سه‌ر لێوی و خه‌ریکه ده‌رچێ بۆ ماچی لێوت و ئه‌م نائومێده یا ئه‌م داوای ماچ که‌ره داوای مووچه و به‌رات له ده‌مت ئه‌کا یا داوای گوزه‌ران و ژیانت لێده‌کا. دیاره نیسبه‌ت دانی لێو و ده‌م و ماچ و مه‌عشووقییه‌تی له خودا شتێکی مه‌جازییه و حه‌قیقه‌ت نییه و ئه‌مه‌ش لای شاعیره پێشووه‌کان باو بووه و ... هتد.
تا ئێره بۆمان ده‌رکه‌وت که شێوه‌ی لێکدانه‌وه و هه‌ڵسه‌نگاندنی مامۆستایانی موده‌ڕیس و مه‌سعوود محه‌ممه‌د ته‌نانه‌ت به بێ نموونه هێنانه‌وه‌ی زیاتر هه‌ر وه‌کوو یه‌کتر ده‌چن و تا ڕاده‌یه‌کی زۆریش دانانی جۆرێک فه‌رهه‌نگه بۆ دیوانی نالی و ڕاست کردنه‌وه‌یه له لایان مه‌سعوود محه‌ممه‌ده‌وه که له خوێندنه‌وه‌ی کلاسیکیانه‌ی شێعر دا جێگه و پێگه‌ی خۆی هه‌یه. دیاره ڕاو بۆچوونی عه‌لائه‌دینی سه‌جادیش له سه‌ردێری کتێبه‌که‌ی ڕا ئاشکرایه "مێژووی ئه‌ده‌بی کوردی" . نموونه‌یه‌ک: نالی له دایک بووی ساڵی 1797- 1855. له ئاسمانی خه‌یاڵات دا بازی بێ په‌روا، له زه‌وی و زاری نوکته زانی دا سکه‌یه‌کی خۆش ڕه‌وا و... هتد.
د.مارف خه‌زنه‌داریش هه‌ر به شێوه‌ی مامۆستایانی به‌رێ لێدوانی له سه‌ر نالی هه‌بووه به‌ڵام به ڕێچکه‌یه‌کی تر دا لێکدانه‌وه‌ی بۆ شێعره‌کانی هه‌بووه و بۆ گه‌یشتن به مه‌به‌ست هه‌وڵی داوه و به مێتۆدی هێرمێنۆتیکی سوونه‌تی نه‌ک مۆدێڕن سه‌یری مه‌دلوول له شێعره‌کانی نالی دا کردووه و زۆر جار باسی قالب و فۆڕمی شێعره‌کانی هێناوه‌ته ئاراوه:
"نالی شێعری موله‌ممه‌عی که‌مه ئه‌وه‌ی ئاشکرایه و له دیوانی نالی دا ده‌رده‌که‌وێ ئه‌وه‌یه که ئه‌و موله‌ممه‌عانه‌ی له‌وێ تۆمار کراون به کوردی و عه‌ڕه‌بین. لێره‌دا لێیان ده‌دوێین:
له غه‌زه‌لی تاتایی سه‌ری زولفی... که بریتییه له هه‌شت دێر، دێری شه‌شه‌می عه‌ڕه‌بییه و... هتد.
ئه‌وانه‌ی له سه‌ر د.مارف خه‌زنه‌دار پێویسته ئاماژه‌یان پێ‌بکرێ و زۆر له خوێندنه‌وه‌کانی تری کلاسیک نزیکن ئه‌مانه‌ن: "له خۆبایی بوونی گوڵ"، "نێرگس"، "نالی چۆن گوڵ ده‌بینێ" که ئه‌مه‌یان زۆر له وتاره‌که‌ی ناوبراو ده‌چێ که له سه‌ر حه‌مدی نووسیویه‌تی و سه‌ردێڕه‌که‌ی ئه‌مه‌یه: گوڵ له شێعری شاعیری کورد حه‌مدی دا، که دواتر دێته سه‌ر ئه‌م باسه که ده‌ڵێ: له‌م وتاره دا لای زۆربه‌ی ئه‌م گوڵانه‌وه وێستاوین که له دیوانی حه‌مدی دا ناویان هاتووه و لێکۆڵینه‌وه‌مان له‌سه‌ر کردوون که به سێ به‌ش دابه‌شیان ده‌که‌ین.
1. گوڵ.
2. گوڵ و بولبوول.
3. ناوی گوڵان.
د.عه‌بدوڵڵا خدر مه‌ولوودیش هه‌ر به هه‌مان شێوه که‌وتووه‌ته ناو دونیای شیکردنه‌وه‌ی شێعره‌کانی نالی، که له سه‌ر یه‌ک سێ بابه‌تی لێکۆڵینه‌وه‌ی له خۆ گرتووه: ئایینی، سۆفیگه‌ریی و فه‌لسه‌فی. له هه‌ر سێ به‌ش نموونه دێنینه‌وه:
ئایینی
به مێعراجی سولـــووکی ســـــالیکان دا تا نه‌چی ڕۆژێ
له نێو جه‌هلی موره‌ککه‌ب دا ده‌مێنی هه‌ر وه‌کوو ماوی
یان نالی له شوێنێکی وه‌کوو مه‌دینه له‌وێش له سه‌ر مه‌رقه‌دی پیرۆزی پێغه‌مبه‌ر (د) به کوردی و کوردانه هاتۆته گووتن و ستایشی پێغه‌مبه‌ری کردووه:
مــــــــورادم زیللـــه‌ت و پاڕانه‌وه‌ی خۆمه نه‌وه‌ک نه‌عته
به چه‌ند به‌یتێکی کوردانه که قوڕعانت ســـــــه‌نا خوانه
ئه‌گه‌ر چی کوردی ده‌وری شاره‌زووری قســـوه‌تم ئه‌مما
وه‌ســــیله‌م تیبه‌یی حیلمی شــــه‌فیع و فه‌زڵی مه‌نتانه
سۆفیگه‌ری
سۆفی مه‌ســــــــتووری ڕووتی موفلســـــــی خسته ته‌مه‌ع
سه‌یری خاڵی بێ حیساب و ماچی له‌بی له‌علی بی به‌ها
پاش هه‌ڵگێر وه‌رگێڕ کردنی شێعره‌کانی نالی ده‌بینین به ژوماره بیست و هه‌شت جار به ناو سۆفی به‌کار هێناوه، نۆ جاریش ناوی شێخ هاتووه، چوار جاریش هه یه‌که و به جیا ناوه‌کانی زاهید و واعیزی به کار هێناوه، یه‌ک جاریش ناوی ده‌روێشی هێناوه...هتد.
ئه‌وه‌ی تا ئێره باسمان لێوه کرد، بۆمان ده‌رکه‌وت که تا ئێستا که‌س به شێوه‌ی کۆ و له چوارچێوه‌ی چامه یا غه‌زه‌لێکی لێک دانه‌بڕاو دا باسی شێعره‌کانی نالیان نه‌کردووه هه‌روه‌کوو وتمان فه‌رهه‌نگی وشه‌یان بۆ داناوه و له سه‌ر وشه و ڕاست کردنه‌وه‌ی وشه و چه‌ند مانایی بوونی وشه له‌نگه‌ریان گرتووه، بۆ زیاتر سه‌لماندنی باسه‌که‌مان دیسان ده‌گه‌ڕێینه‌وه لای مامۆستایانی موده‌ڕیس و مه‌سعوود محه‌ممه‌دکه له نالی ناسی دا ده‌ستێکی باڵایان هه‌یه:
هه‌ر چه‌نده گوناحی ده‌مه‌که‌ت باره له سه‌ر لێو
حه‌ددی چییــــــه نالی که بڵێ ماچه که‌فــــاره‌ت
لێکدانه‌وه:
ده‌مه‌که‌ت: خوێنه‌که‌ت، ئه‌و خوێنه‌ی کردت. ده‌مت. (وامه‌که) ت. بار: ئه‌و توێژه‌ی به سه‌ر لێوی وشکه‌وه په‌یدا ئه‌بێ. باری هه‌ڵگرتن. حه‌د: سزای شه‌رعیی گوناه. توانا. که‌فاره‌ت: ئه‌وه‌ی گوناه یا شتێكی ماددی دابشوا. ئه‌توانرێ مانای ئه‌م شێعره به چه‌ند جۆر لێکبدرێته‌وه:
یه‌که‌م ـ هه‌ر چه‌ند خوێنی سووری ئه‌و دڵداره‌ی به ناحه‌ق کووشتت بووه به بار و به لێوته‌وه وشک بووه‌ته‌وه و به ئاشکرا پێوه‌ی دیاره، نالی حه‌ددی نییه بڵێ ماچی لێوت ئه‌و خوێنه‌ی لێدا ئه‌شوا و پاکی ئه‌کاته‌وه. دیاره مه‌به‌ست له خوێنه‌که سووریی لێوی یاره که هه‌رگیز لاناچێ.
دووهه‌م ـ هه‌ر چه‌نده تاوانی ده‌مت که به دڵدار‌ت وت( نا ) ئه‌ویش له داخانا مرد، بووه به بارێک به سه‌ر لێوته‌وه و له ڕۆژی قیامه‌تا که هه‌موو ئه‌ندامانی ئاده‌میزاد شایه‌تی لێده‌ده‌ن، لێوت لێتدێته ده‌نگ، نالی حه‌ددی چییه بڵێ ماچ ئه‌و باره له لێوت ئه‌کاته‌وه.
سێهه‌م ـ هه‌ر چه‌ند به‌هۆی تاوانی ده‌مته‌وه که له ئاستی دڵدارانا بێ ده‌نگ بووه و هیچ ناڵێ، لێوت باری لێنیشتووه، نالی حه‌ددی نییه بڵێ ماچ ئه‌و باره له لێوت که‌م ده‌کاته‌وه.
چواره‌م ـ هه‌ر چه‌ند ئه‌وه‌نده‌ت گوناه له ئاستی دڵدارانا کردووه و له خۆتت دوور خستوونه‌ته‌وه و پێت وتوون (ده‌مه‌که‌ن) گوناه بووه و به بار له سه‌ر لێوته‌وه که‌ڵه‌که‌ی کردووه، نالی بۆی نییه بڵێ که‌فاره‌تی ئه‌و هه‌موو گوناهه ماچی لێوته.
پێنجه‌م ـ له گه‌ڵ ئه‌وه‌نده‌ی هه‌ر کام له‌م چوار مه‌عنایه که پێوه‌ندی به نیوه‌ی یه‌که‌می شێعره‌که‌وه‌یه، ئه‌شتوانرێ مه‌عنای نیوه‌ی دووهه‌می به‌م جۆره لێکبدرێته‌وه: نالی ئه‌گه‌ر بڵێ که‌فاره‌تی ئه‌م گوناهه ماچی لێوته خۆی گوناهبار ئه‌بێ و ئه‌بێ حه‌ددی لێبدرێ.
هه‌ر چۆنی مانا لێبده‌ینه‌وه، له کۆ کردنه‌وه‌ی (گوناه) و (ده‌م) دا که به شێوه‌ی نووسینی کۆن مانای خوێن ئه‌گه‌یه‌نێ، له گه‌ڵ وشه‌ی (حه‌دد) و (که‌فاره‌ت) دا، ته‌ناسووبێکی جوان هه‌یه. هه‌روه‌ها له کۆ کردنه‌وه‌ی (ده‌م) و (لێو) و (ماچ) و (حه‌دد) بوونیش دا ته‌ناسووب هه‌یه.
سه‌ر له به‌ری دیوانی نالی له کۆکردنه‌وه و لیکۆڵینه‌وه‌ی مامۆستایانی موده‌ڕیس به‌م مێتۆده کاری له سه‌ر کراوه. هه‌ر ئه‌م شێوه‌یه یانی به شێوه‌ی لێکدانه‌وه‌ی وشه و لابه‌یت و به‌یت له لایان مه‌سعوود محه‌ممه‌دیشه‌وه بناغه‌ی لێکدانه‌وه‌یه:
دولبه‌رێکــــــم هه‌یه مه‌شــــــهووره به بێ مانه‌ندی
بێ شوک و شوبهه، خودا شاهیده، مانه‌ندی نییه
له هه‌ر شوێنێک نووسرا "دولبه‌ر" ده‌بێ "دلبه‌ر" بخوێندرێته‌وه، خۆشه‌ویست"دڵ" ده‌بات نه‌ک "دول" . نالی سوێندی هه‌ره زلی خواردووه له سه‌ر " بێ مانه‌ندی" و ده‌ستی خۆش بێ. له گه‌ڵ ئه‌موش دا که شه‌ک و شوبهه ده‌بڕێت و خوا به شاهید داده‌نێ. ئینجا ده‌شێ مه‌به‌ستی بێ مانه‌ندیی زاتی خوا بێ که شاهیدی ئه‌حواڵ و هه‌موو شتێکه.
خانه‌قاش هه‌ر وه‌کوو مه‌یـــــخانه، که هه‌ر ئاوا بێ
مه‌جلیسێکی هه‌یه، ئه‌مما گه‌پ و گۆبه‌ندی نییه
شه‌ڕحه‌که ده‌ڵێ: خانه‌قاش وه‌ک مه‌یخانه‌یه خوا ئاوه‌دانی کا، خه‌ڵکی تیا کۆ ئه‌بێته‌وه، به‌ڵام بێ تام و خوێن.... ئه‌شگونجێ "خوا ئاوای کا" به "خوا ئاوای کا" بخوێنینه‌وه، واته: وای لێ‌بکا.
ڕاستییه‌که‌ی " ئاوا بێ" سێ مانای هه‌یه یان چاکتر وایه بڵێین سێ مانا هه‌ڵده‌گرێ:
1. به واتای ئاوه‌دان بێ"دووعای چاکه بۆ مه‌یخانه ده‌چێته‌وه".
2. به واتای "بزر بوون بێ" دووعای خراپه، تووکه بۆ خانه‌قا ده‌چێته‌وه.
3. " ئاوا بێ" به واتای " ئاوهایی بێ" دیسان بۆ خانه‌قا ده‌چێته‌وه به توانج و ته‌عنه.
به‌یتی سه‌ره‌تای لاپه‌ڕه 595 : دڵم پێی ئارام نییه چوونکه سه‌به‌به‌که‌ی عه‌یبداره و یه‌کسه‌ریش به به‌یته‌که‌دا دێت که دژی خانه‌قایه که‌چی له‌میان دا مه‌دحی زه‌مزه‌مه‌ی ده‌کات... ئینجا به‌یتی دواوه‌یشی هه‌ر ته‌عنه‌یه له مه‌دره‌سه‌ی مه‌حبه‌سه و به‌حس و وه‌سوه‌سه... له هی نالی ناچێ.
د. عه‌بدوڵڵا خدر مه‌ولوود ئاوا باسی ئه‌م به‌یته شێعره ده‌کات: له نووسخه و چاپی تر هێندێ جیاوازی له‌م دێڕه دا هه‌یه، نالی خانه‌قا و مه‌یخانه‌ی پێکچواندووه و به‌رامبه‌ر به یه‌کتری داناون. له فه‌رهه‌نگه‌کانی سۆفیگه‌ری و دیوانی شاعیرانی عیرفان هه‌ردوو وشه‌ی خانه‌قا و مه‌یخانه یه‌ک واتایان هه‌یه. ئاشکرا دیاره هه‌ر دوو وشه‌کان به واتا ئاساییه‌کانی خۆیان به‌کار نه‌هاتوون به‌ڵکوو دوو زاراوه‌ی سۆفیگه‌ری له‌و دێڕه حیسێبیان بۆ کراوه. ستایش و به‌رز و پیرۆز ڕاگرتنی خانه‌قاش خۆی له خۆی دا به‌ڵگه‌یه‌کی تره که بۆچوونه‌کانمان به هێزتر ده‌کات.
لێره‌دا خوێنه‌ری ژیر با خۆی قه‌زاوه‌ت بکا. لێکدانه‌وه‌ی به تاکی به‌یته شێعره‌کان ئه‌م هه‌ڵه زلانه تووشی نووسه‌ر ده‌کا که وه‌ک پاڕادۆکس له‌م دوو خوێندنه‌وه‌یه دا به ڕوون و ئاشکرایی به دیار ده‌که‌وێ. پێشتر وتمان هه‌ر هه‌مووی ئه‌مانه دانانی فه‌رهه‌نگ و لێکدانه‌وه‌ی سه‌لیقه‌یی و سانای بێ پاشخانی فکرییه که سه‌رجه‌می وتاره‌که‌مان به ده‌وری ئه‌م باسه داده‌خولیته‌وه.
هه‌ر وه‌ک پێشتر باسمان کرد تا ئێستا به شێوه‌ی گشتی و کۆ کار له سه‌ر شێعره‌کانی نالی نه‌کراوه، یانی له ڕووی جیهانبینییه‌وه کۆی شێعرێک له به‌ر تیشکی تیئۆرییه‌کانی، میتۆلۆژیک، ده‌روون شیکاری، پێکهاته‌خوازی، هێرمێنۆتیک و ... دا نه‌خوێندراونه‌ته‌وه تا ئه‌و جێگایه‌ی من ئاگادار بم ته‌نیا ڕێبوار سیوه‌یلی له کتێبی نالی دا سێ چامه شێعره‌که‌ی نالی واته شاره‌زوور، له ستایشی که‌ر دا و مه‌ستووره‌ی به شیوه‌ی نوێ خوێندۆته‌وه. ئه‌وه‌ی له‌م وتاره دا گه‌ره‌کمانه ئاوڕی لێبده‌ینه‌وه چامه‌ی شاره‌زووره به پێی بۆچوونی ڕێبوار و دواتر به‌روارد کردنه‌کانی تر و با دواتریش خوێنه‌ر خۆی قه‌زاوه‌ت بکا که ئه‌گه‌ر نالی یه‌کێتی فکری نه‌بوایه به یه‌قین به نوێترین تیئۆرییه‌کانی سه‌رده‌م وه‌ک تیئۆری مێتۆلۆژیا، یونگ و ... شێعره‌کانی نه‌ده‌خوێندرانه‌وه. هه‌ر چه‌ند هیچ شکمان له‌و ڕاستییه دانییه که نالی له " صناعات ادبی" دا نالی مامۆستایه‌کی خامه ڕه‌نگین بووه و به‌شی هه‌ره زۆری ته‌نانه‌ت ده‌توانین بڵێین ته‌واوی تکنیکه ئه‌ده‌بییه کلاسیکییه‌کانی به جوانترین شێوه له شێعره‌کانی دا گونجاندووه و تاقی کردوونه‌ته‌وه وه‌ک: ته‌زاد، ئیستعاره به جوانترین شێوه، ته‌ناسووب، کینایه، جیناس، ته‌شابووهی ئه‌تراف، ته‌ورییه، حوسنی ته‌علیل، له‌ف و نه‌شر به هه‌موو جۆره‌کانییه‌وه و ... هتد.
|