قه‌ڵای . . . كلیل!-«گفتوگۆ كلیلێكه هه‌موو ده‌ركه داخراوه‌كان ده‌كاته‌وه»-ناسر وه‌حیدی
قه‌ڵای . . . كلیل!
«گفتوگۆ كلیلێكه هه‌موو ده‌ركه داخراوه‌كان ده‌كاته‌وه»
ناسر وه‌حیدی
ئه‌مه نووسراوه‌ی سه‌ره‌تای یه‌كه‌م لاپه‌ڕه‌ی كتێبه‌كه‌ی بوو. ئه‌م كتێبه كۆن و زه‌رد هه‌ڵگه‌ڕاوه، كه وه‌ك خه‌زێنه‌یه‌كی به‌نرخ، وه‌ك نهێنییه‌ك، هه‌میشه له بن چاكه‌ته ئه‌فسه‌رییه‌كه‌یدا شاردبوویه‌وه. ره‌نگه خۆشی دڵنیا بووبێ، ته‌نیا مه‌رگ بتوانێ لێی جیا بكاته‌وه. پاش ئه‌وه‌ی له كاره‌كه‌م بوومه‌وه، دڵنیا نیم، له‌وه‌ی یه‌كه‌م شت، كه سه‌رنجی راكێشابم، ئه‌و به‌رزاییه‌ی لای چه‌پی سه‌رسینگی بووبێ،. وه‌ك مار، له سه‌ر دڵی پاپۆكه‌ی خواردبۆوه. زووتریش وه‌خت و ناوه‌خت، به پێی هه‌ل‌ومه‌رج هه‌ستم به بوونی كردبوو. شتێك له ژێره‌وه، چاكه‌ته ئه‌فسه‌رییه‌كه‌ی هه‌ڵمساندبوو. به‌ڵام تا ئه‌م ده‌رفه‌ته، نه‌مزانی چییه؟ ئه‌گه‌رچی دڵنیام، لای ئه‌و له هه‌موو شتی دونیا پیرۆزتر بوو. شتێك كه به ماوه‌ی هه‌موو ته‌مه‌نی، شه‌و و رۆژ له‌گه‌ڵ خۆی گێڕاویه‌تی. ته‌نیا ئیستێك چییه، له خۆی دوور نه‌كردۆته‌وه.
ره‌نگه یه‌كه‌م كه‌س كه هه‌ستی به‌و ره‌قاییه‌ی سه‌رسینگی كردبێ، ئافره‌تێك بووبێ! ئه‌گه‌رچی بڕواش ناكه‌م، ئه‌و جگه له خۆی و ئه‌م خه‌زێنه‌یه‌ی، كه‌س و چی‌تری خۆش ویستبێ. ره‌نگه ئه‌و ئافره‌ته به بۆنه‌ی لاواندنه‌وه، له سه‌ر چاكه‌ته ئه‌فسه‌رییه‌كه‌یه‌وه ـ كه له كاتی خه‌ویشدا ده‌ری‌نه‌هێناوه ـ ده‌ستی له‌و ره‌قاییه‌ی سه‌ر سینگی كه‌وتبێ. كاتێك ئه‌و خۆی كڕ كردووه، ره‌نگه ئافره‌ته‌كه زیاتر تامه‌زرۆ بووبێ. په‌ی به‌و نهێنییه‌ی به‌رێ. یه‌كه یه‌كه دوگمه‌ی ئه‌فسه‌رییه‌كه‌ی ترازاندبێ، به هێوری ده‌ستی بردبێ بۆ خه‌زێنه‌كه‌ی. ئه‌ویش وه‌ك ئه‌وه‌ی له‌پڕ له خه‌وێكی قورس رابووبێ، به پێی هه‌ڵسوكه‌وتی خاوه‌ن ماڵ له‌گه‌ڵ دز، پڕی كردبێ به په‌نجه‌یدا. وه‌های رێك‌گوشیبێ، خوێن له سه‌ری هه‌ر پێنج قامكی په‌نجه‌یه‌وه فیچقه‌ی كردبێ. ئیتر قه‌ت زاتی ئه‌وه‌ی نه‌كردبێ جارێكی تر، قومارێكی له‌م چه‌شنه‌ی كردبێ. یان ره‌نگه به پێی ئه‌و به‌ڵگانه‌ی قه‌ت ناخرێنه روو، بووبێته قوربانی، كوت‌وپڕی هه‌ڵمه‌تی ده‌ستێكی به‌هێز و چه‌قۆیه‌كی تیژ و جه‌رگبڕ.
خه‌زێنه‌كه‌ی كتێبێك بوو. به قه‌رایی به‌ره ده‌ستێكی مام‌ناوه‌ندی پان، به‌ندی ئه‌نگوستیش ئه‌ستوور. لاپه‌ڕه‌كانی زه‌رد و ته‌نك. شتێك له مابه‌ینی كاغه‌ز و چه‌رم. ته‌نك چه‌شنی كاغه‌ز، سفت و قایم وه‌ك چه‌رم. خه‌ته‌كه‌ی وا وێده‌چێ، به زیندوویی له سه‌ر ئه‌و پێسته دا‌غ كرابێ. زبری هێڵه‌كانی له پشته‌وه ناكه‌وێته به‌رده‌ست. گنجێكی چووكه‌ی تێدا نییه.
به‌و چه‌شنه‌ی سێحری كتێبه‌كه نووسیبووی. قووڵكه‌یه‌كم به قه‌رایی به‌ره‌ده‌ستێك، به نووكی چه‌قۆكه‌م، بستێك دوورتر له‌و، هه‌ڵكه‌ند. شوێنێكم وه‌ك جۆگه، له قووڵكه‌وه تا لای ئه‌و كێشا. تا خوێنه‌كه‌ی بڕژێته نێو. دواتر خوێنه‌كه له نێو قووڵكه‌دا بمه‌یێ. ببێته كلیلێك بۆ كردنه‌وه‌ی سێحری ئاخر ده‌ركه‌ی قه‌ڵا. دڵۆپ دڵۆپ خوێن، له ته‌رمه‌كه‌ی ده‌چۆڕێته‌وه. چه‌شنی ده‌نكی ته‌زبێح، به‌ره‌و چاڵه‌كه به شوێن یه‌كدا لۆزمه ده‌به‌ستن. له ناو چاڵه‌كه‌دا كۆزیلكه ده‌ده‌ن.
ئه‌مه نه‌ریتێكه ده‌گه‌ڕێته‌وه سه‌ره‌تایه‌كی زۆر دوور. پشت به پشت و سینگ به سینگ، له‌گه‌ڵ ئه‌م كلیله سوورانه هاتوون. تا ئه‌مڕۆكه، گه‌یشتۆته من. رێی هیچ شك و گومانیش نییه، له منه‌وه ده‌گاته تۆ. له تۆشه‌وه تا كێ؟ نازانم. ئه‌مه مێژووه، درێژه‌ی ده‌بێ . ناپسێته‌وه. نووسه‌ری یه‌كه‌م لاپه‌ڕه‌ی ئه‌م كتێبه، به‌م چه‌شنه‌ی نووسیوه.
ئێمه دوو هۆزی به‌هێز و یه‌ك ره‌گه‌ز بووین. دوو ده‌ست له یه‌ك په‌یكه‌ر. ده‌ستمان دایه ده‌ستی یه‌ك. وه‌ك برا و یه‌كته‌ن، هه‌رچی نه‌یارمان بوو له ناومان برد. ته‌خت و به‌ختیمان رووخاند. به‌م شێوه خۆمان له فه‌وتان قوتار كرد. به سه‌ربڵیندی خۆمان له‌و فه‌رته‌نه‌و ئاژاوه‌ی پێكهاتبوو ده‌ربرد. شاد و به‌خته‌وه‌ر، به تێر و ته‌سه‌لی ده‌ژیاین. به‌رده‌وام خه‌ریكی راو و شكار، كه‌یف و نه‌هه‌نگ بووین. رۆژگارمان به‌م شێوه راده‌بوراد. دڵنیا بووین له سه‌ر عه‌رد نه‌یارمان نییه. هه‌ركات هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه‌ك له گۆڕێ بوایه، شان به شانی یه‌ك ملمان پێوه ده‌نا. زۆر جار له به‌ر غلووری و ئازایه‌تی، سینگی خۆمان ده‌كرده قه‌ڵغانی هۆزی برا.
ئاخر شه‌ڕ، دوژمنێكی به زه‌بر و هێز، هێرشی كردینه سه‌ر. ئه‌وه‌ی پیاو له هۆزی ئێمه ده‌ستی چه‌كی ده‌گرت، ده‌ستی دایه چه‌ك و هاته مه‌یدان. هۆزی برا، بڕیار بوو دوژمن ده‌ور بدا. له پشته‌وه‌ڕا ده‌ست له دوژمن بوه‌شێنێ. شه‌ڕ ده‌ستی پێكرد. شه‌ڕێك كه‌س بۆی روون نه‌بۆوه، چه‌ندی خایاند. چه‌ند مانگ، چه‌ند ساڵ، چه‌ند سه‌ده . . . هۆزی برا هه‌ر نه‌گه‌یشته مه‌یدان. دڵه‌ڕاوكێ و چاوه‌ڕوانی سه‌ت هێنده‌ی تیر و تیغی دوژمنی، لێ‌كوشتین.
پاش پێكدادان و كوشت و بڕێكی زۆر، ئه‌وه‌ی كوژرا كوژرا. ئه‌وانه‌ی مانه‌وه، هه‌ر كه‌س له حاندی خۆیه‌وه، پاشه‌وپاش گه‌ڕاوه دواوه. هه‌ر دوو به‌ره، ئاش‌به‌تاڵی كرد. روون نه‌بۆوه كام لا سه‌ركه‌وت، كام لا تێشكا. هه‌موو، ماندوو و شه‌كه‌ت، بریندار و برسی، ملی رێگه‌مان گرته به‌ر. هه‌ر هاتین و نه‌گه‌یشتین. هه‌ر هاتین و نه‌گه‌یشتین. وه‌ك ئه‌وه‌ی زه‌وی ژێر پێمان له به‌ر یه‌ك بڕه‌وێته‌وه. ره‌نگه ساڵه‌هاتێكی زۆر به‌ڕێوه بووین. برین، برسێتی، ماندوویی، سه‌رما و دووری رێگا، هێنده‌ی دوژمن قڕی تێ‌خستین.
له دوورڕا هێڵێكی سپی، له سه‌ر ئاسۆ سه‌ودای دابوو. شۆره‌یه‌كی به‌رز، به ئاسماندا هه‌ڵزنابوو. هه‌موو لامان وابوو، رێگه‌مان هه‌ڵه‌كردووه. چونكوو له هیچ شوێنێكی وڵات، ته‌نانه‌ت بسته دیوارێك چییه، به‌رزمان نه‌كردبۆوه. لامان وابوو له بری وڵاتی خۆمان، روومان له وڵاتی دوژمن كردووه. چاره نه‌بوو. هێز و توانا نه‌مابوو. بڕیارمان دا ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر دیلی و مه‌رگیش بێ، بچین به پیریه‌وه. به مه‌ترسی و دڵه‌ڕاوكێ، به‌ره‌و شۆره خوشاین. ئاڵای هۆزی برا له سه‌ر شۆره‌كه ده‌شه‌كاوه. خۆشی له دڵمان گه‌ڕا. وتمان ئه‌و ماوه‌یه ئێمه سه‌رقاڵی شه‌ڕ بووین، ئه‌وان ترساون. ده‌رفه‌تیان هێناوه، ئه‌م دیواره به‌رزه‌یان بۆ به‌رگری له دوژمن رۆناوه. به‌ڵام ئه‌مه جێی پرسیار بوو، بۆ ته‌گبیریان به ئێمه نه‌كردووه؟ وه‌ك ده‌یان پرسیاری تر، كه دواتر هاتنه گۆڕێ، روون نه‌بۆوه. هه‌ر وه‌ك ده‌وره‌نه‌دانی دوژمن و ده‌ست وه‌شاندنیان.
سه‌یر ئه‌وه بوو، دیواره‌كه یه‌كپارچه و یه‌كده‌ست بوو. تاقه ده‌ركێك نه‌بوو، لێیه‌وه ئاوه‌دیوی ئه‌وبه‌ری بین. سه‌ر شۆره‌كه، پڕ بوو له تارمایی مرۆ. جموجوڵیان بوو. چه‌نده‌ی ده‌ستمان هه‌ڵته‌كاند، گوڕاندمان، پاڕاینه‌وه، وڵامێك نه‌بوو. هه‌ست ده‌كرا دیواره‌كه چه‌شنی پێستی مرۆ، هه‌موو كون كون بێ. له‌وبه‌ری هه‌ر كونێكه‌وه چاوێك زه‌ق بۆته‌وه، ده‌مانڕوانێ. یان شك ده‌چوو، شۆره‌كه له شێوه‌ی چاوێكی زله، ساز كرابێ. كه نێو ده‌روونی مرۆشی ده‌بینێ، به‌ڵام كه ورد سه‌رنجت ده‌دا و ده‌ستت پێدا ده‌گێڕا، ته‌نیا درزێكی چكۆله‌ی تێدا به‌دی نه‌ده‌كرا. كه تاڵه موویه‌كی پێداچێ.
پاش گه‌ڕان و پشكنینی زۆر، ده‌ركێك، ده‌لاقه‌یه‌ك نه‌دۆزراوه. شه‌و هه‌موو پێكه‌وه، له یه‌ك كاتدا یه‌ك خه‌ومان بینی. كه‌سێك له‌و به‌ر شۆره‌كه‌وه ده‌یوت: «ئه‌گه‌ر حه‌ز ده‌كه‌ی بێیه ئه‌م به‌ری شۆره‌كه، ناو قه‌ڵا ببینی، ده‌بێ كه‌سێكی به‌له‌سه و یاخی، له هۆزی خۆت له ناو به‌ری. چاڵێك به قه‌رایی به‌ره‌ده‌ستێك هه‌ڵكه‌نی، تا خوێنی ته‌رمی ئه‌و كه‌سه‌ی بڕژێتێ. پاش مه‌یینی خوێنه‌كه، چه‌قۆیه‌ك بخرێته ناو خوێنه‌كه. مستێك خاك له جێ شه‌قڵی چه‌قۆكه بپڕژێ. خاكه‌كه ورده ورده به ته‌ڕی خوێنه‌كه ده‌گروێ، سفت ده‌بێ. سفت‌تر له پۆڵا. ده‌بێته كلیل. هه‌موو شه‌وێك، ئیستێك به‌ر له‌وه‌ی مانگ له دیواری قه‌ڵا ده‌ركه‌وێ، ده‌ركێك له ناو دڵی شۆره‌كه، ده‌رده‌كه‌وێ. ئه‌و ده‌ركه ته‌نیا به‌و كلیله ده‌كرێته‌وه. به‌خته‌وه‌ر ئه‌و كه‌سه‌یه، ئه‌و كلیله‌ی ده‌سكه‌وێ و ئه‌و ده‌ركه‌ی بۆ بكرێته‌وه. بێته ناو قه‌ڵا. ده‌بێته هاوده‌می ئێمه. هاوشاری ئێمه. ده‌بێته دانیشتووی تێر و ته‌سه‌لی هه‌تاهه‌تایی ناو قه‌ڵا.»
ئه‌وه خه‌ون بوو یان واقع، لای كه‌س روون نه‌بۆوه. به‌ڵام حه‌قیقه‌تێك بوو، كه پاش ماوه‌ی شه‌ڕی گه‌وره، ده‌سته‌ویه‌خه‌ی بوون. زۆر كه‌س له داخا دڵی تۆقی. زۆری‌تر له به‌ر برسێتی و كه‌ساسی. زۆری تر له به‌ر سه‌رما و شه‌كه‌تی. سه‌رباری هه‌موو ئه‌وانه، ئازارێكی تازه، چه‌شنی خۆره كه‌وته ناومان. ورده ورده ده‌یخواردین، كه‌م و كه‌متر ده‌بووینه‌وه. چیشمان له‌گه‌ڵی پێ نه‌ده‌كرا. هه‌موو له یه‌كتر دڕدۆنگ بووین. ئێمه‌ی كه له شه‌ڕی گه‌وره‌دا، پشتمان ده‌دا به پشتی یه‌كتره‌وه،لامان له یه‌ك نه‌ده‌كرده‌وه. گوێی شه‌یتان كه‌ڕ بێ، موو به به‌ینماندا نه‌ده‌چوو. هه‌موو خۆمان له گێلی ده‌دا. وه‌ك ئه‌مه وه‌حیێكه ته‌نیا بۆ بیسه‌ری هاتۆته خوار. كه‌س زاتی نه‌ده‌كرد سه‌یری چاوی كه‌سی تر بكات. نهێنییه‌كی پڕ مه‌ترسی له قووڵایی چاوماندا خۆی مه‌ڵاس كردبوو. له به‌ر ئه‌وه‌ی چاوه رازه‌كان ئاشكرا نه‌كا، چاومان له چاوی یه‌ك ده‌دزییه‌وه. هه‌ر كه‌س ته‌نیا، ده‌یڕوانییه به‌ر پێی خۆی. موویه‌ك ئه‌م لاو ئه‌ولای نه‌بوو. ئه‌وه سه‌ره‌تایه‌كی تازه بوو! سه‌ره‌تای ده‌سپێكردنی هه‌وه‌ڵین گفتوگۆ، بۆ كردنه‌وه‌ی یه‌كه‌مین ده‌ركی قه‌ڵا.
زۆرم له‌گه‌ڵ خۆم گل‌ودۆل كرد. خۆم بۆ رازی نه‌بوو. سه‌رما، برسێتی، ماندوویی، برین و لاوازی تاكوو ده‌هات، زۆری بۆ دێنام. ئاخر شه‌و، بڕیارمدا به‌ر له‌وه‌ی مانگ له شۆره‌ی قه‌ڵا ده‌ركه‌وێ، تفێك هه‌ڵده‌مه ناو روخساری قه‌ڵا. شه‌قێك بده‌م له ژیانی تێروته‌سه‌لی ناو قه‌ڵا. بێ‌هیوا، به پێدزه، ورده ورده، له تاریكی شه‌ودا، ملی رێگه‌م گرته به‌ر. پشت له قه‌ڵا و رووه‌و ده‌شت. پێشتر وتم، گشت شۆره‌كه چاو بوو. هه‌موو جموجۆڵی ئێمه له‌به‌ر چاو بوو. ته‌نانه‌ت بیریشیان ده‌خوێندینه‌وه. به‌ر له‌وه‌ی بمانه‌وێ كارێك بكه‌ین، ده‌یانزانی. چه‌ند كه‌سێك بیریان له‌وه كردبۆوه، شۆره‌كه بن كۆڵ كه‌ن، با بڕووخێ. بڕێكی تر بیریان له‌وه كردبۆوه، ره‌هه‌ند لێده‌ن، خۆیان بگه‌یێنه ناو قه‌ڵا. به‌ر له‌وه‌ی ده‌ست‌به‌كار بن، كه‌وتنه به‌ر تیری ژاراوی یاساوڵی قه‌ڵا، یان كه‌وتنه ژێر هاشاوڵی قیل و ئاوی كوڵاو. یان له ژێر ئه‌و گابه‌ردانه پان و فلیق بوونه‌وه، كه له سه‌ر شۆره‌كه‌وه به سه‌ریاندا باری.
وه‌ك زۆر كه‌سی‌تر، مه‌بادا له پشته‌وه بكه‌ومه به‌ر نووكی په‌یكانی یاساوڵی سه‌ر شۆره‌ی قه‌ڵا. ئه‌گه‌رچی له‌وكاته‌دا، زۆرم حه‌ز له مردن بوو. به ته‌مابووم ئه‌م هه‌نگاوه نه‌پێكراوم، هه‌نگاوێكی تر بپێكرێم. ورده ورده، له قه‌ڵا دوور ده‌بوومه‌وه. له پڕ گوێم له نووزه‌ی كه‌سێكی سه‌ره‌مه‌رگ بوو. ده‌ستم راسته‌وخۆ په‌ڕییه سه‌ر چه‌قۆكه‌م. بۆ ئه‌وه‌ی باوه‌ڕ به بوونی بكه‌م، به هه‌موو هێزم ده‌سكه‌كه‌یم گوشی. به‌ره‌و ده‌نگه‌كه خوشییم. تاكوو نزیكتر ده‌بوومه‌وه، ده‌نگی لرخه‌لرخی، زیاتر پشووی ده‌خنكاند. له به‌ر تاریكی هیچم نه‌ده‌دی. لاقم له شتێكی نه‌رم هه‌ڵه‌نگوت، ته‌پم دا سه‌ری. چه‌قۆم لێ راست كرده‌وه، له سه‌ر دڵیم راگرت. به‌ڵام ئه‌و هه‌ست و خوستی نه‌بوو، وه‌ك ئه‌وه‌ی له حه‌وت ساڵان راست بووبێته‌وه. ساتێك خۆم كڕ كرد. دوو چاو، چه‌شنی چاوی پشیله. له‌و شه‌وه‌زه‌نگه‌دا، ده‌بریسكاوه. سه‌یری ده‌كردم. له‌سه‌رخۆ، پچڕپچڕ ناوی منی هێنا. وتی په‌له كه‌م. ته‌نیا چاڵێك به قه‌رایی به‌ره ده‌ستێك هه‌ڵكه‌نم. با خوێنه‌كه‌یان بڕژێته ناوی و بمه‌یێ. ئه‌وجار ده‌می چه‌قۆكه‌م بكه‌مه‌وه، بیخه‌مه ناو خوێنه مه‌ییوه‌كه. با خوێنه‌كه شه‌قڵی چه‌قۆ بگرێ. پاشان چاڵایی شوێنی چه‌قۆكه، به خۆڵ پڕ كه‌مه‌وه. خۆڵه‌كه ورده ورده به ته‌ڕایی خوێنه‌كه ده‌گروێ، سفت ده‌بێ. پاش ئه‌وه‌ی سفت بوو، ده‌ری بێنم. ده‌بێته كلیل. ده‌ركی قه‌ڵام بۆ ده‌كاته‌وه. وتی په‌له كه‌م، چی وای نه‌ماوه بۆ ده‌ركه‌وتنی مانگ له شۆره‌ی قه‌ڵا.
چاوم له‌گه‌ڵ تاریكی ته‌واو راهات. كه‌مێك لێی دوور كه‌وتمه‌وه. دوودڵ بووم، له‌وه‌ی جۆگه‌له بۆ خوێنه‌كه ساز كه‌م، به‌و جۆره‌ی خۆی وتبووی، یان جێی بێڵم. ده‌ستم وه شتێكی نه‌رم كه‌وت. لێی ورد بوومه‌وه، ته‌رمێكی زه‌لام بوو. له ترسان خه‌ریكبوو دڵم بتۆقێ. ئه‌گه‌رچی من، پیاوی مه‌یدانی شه‌ڕ بووم. ئه‌وه‌ش هه‌وه‌ڵین ته‌رم نه‌بوو كه ده‌مدی. پرسیم ئه‌م ته‌رمه كێیه؟ كێ كوشتوویه؟ وتی برامه. بڕیارماندا، یه‌كمان ببێ به سه‌ده‌قه‌ی ئه‌وی كه‌مان. به بێ‌ئه‌وه‌ی یه‌كتر ببینین، له تاریكی‌دا ده‌ست له یه‌ك بوه‌شێنین. ره‌نگه چاره‌نووسی وابووبێ، هه‌ر دوو یه‌كمان پێكا. ئه‌و تازه مردووه. من چاوه‌ڕوان بووم. دڵم ختووری ده‌كرد، به‌ر له‌وه‌ی بمرین، كه‌سێكی‌تر لێره‌وه تێده‌په‌ڕێ. كه‌یف خۆشم ئه‌و كه‌سه تۆ بووی. خوێنمان به فیڕۆ نه‌چوو. په‌له كه. ده‌ست و برد كه پیاو، تۆ سه‌ركرده‌ی مه‌یدانی شه‌ڕی! بۆ حه‌به‌ساوی. زوو كه. تا مانگ له شۆره ده‌رنه‌كه‌وتووه. چی وای به به‌ره‌وه نه‌ماوه. ئێمه بكه په‌یژه بۆ سه‌ركه‌وتنی خۆت. سه‌ركه‌وه سه‌ركرده.
له‌و كاته‌دا نازانم بۆ نه‌كه‌وته‌وه بیرم، من پێشتریش ده‌نگی ئه‌و پیاوه‌م به ده‌یان جار بیستبوو. ئه‌و ده‌نگه‌ی له سه‌ره‌مه‌رگدا قسه‌ی ده‌كرد، ده‌نگی كه‌سی ناو خه‌ون و واقع بوو، كه په‌یتا په‌یتا هانی ده‌داین، بۆ سازكردنی كلیل. بۆ كردنه‌وه‌ی ده‌ركی قه‌ڵا. له خوێنی ئه‌و دوو ته‌رمه، دوو كلیلم ساز كرد. یه‌كیان بۆ خۆم، ئه‌وی دیشیان بۆ‌هه‌ر كه‌سێك كه خوازیاری بێ. به‌ڵام ئێستاش نه‌مزانی، بۆ‌توند له ناو مستمدا شاردمه‌وه، نه‌مدا به كه‌س!
به‌ره‌و قه‌ڵا گه‌ڕامه‌وه، په‌له‌م بوو. ده‌بوو به‌ر له‌وه‌ی مانگ له شۆره ده‌ركه‌وێ، خۆم بگه‌یێنمه قه‌ڵا. هێز و گوڕێكی تازه له گیانم گه‌ڕا. هه‌نگاوه‌كانم له كاتی دووركه‌وتنه‌وه له قه‌ڵا، شل و له‌رزۆك بوون. ئێستا توند و قایم بوون. كه گه‌یشتمه بن شۆره‌كه، سه‌یرم كرد ده‌ركێكی گه‌وره‌م له‌به‌ر چاوه. سه‌یری كلیله‌كه‌م كرد، وه‌ك پۆڵا سفت و ره‌ق بوو. به‌ڵام به‌رده‌وام ئاوی ده‌داوه، ناو ده‌ستمی سوور سوور كردبوو. بۆ ئه‌وه‌ی كه‌س نه‌مبینێ، خێرا كلیلم له كونی قفڵی ده‌ركه راكرد. بام دا. كه‌له‌به‌رێك هه‌ر ئه‌وه‌نده‌ی خۆمی پێدا بچم، كه‌وته ده‌ركه. به تاڵووكه خۆم تێڕاكرد. چی ببینم. شارێكی ئاوه‌دان، پڕ له خۆشی، هه‌موو شتێك زۆر و زه‌وه‌ند. ئه‌وه‌ی له‌مێژ ساڵ بوو لێم ون ببوو، له‌وێ دیتمه‌وه. سه‌ربازی راكردوو، جه‌حێڵی تۆراو، برینداری شه‌ڕ، دۆست و نه‌یار، قاره‌مان، ته‌نانه‌ت مردووش.
هه‌ر كه‌سم ده‌دی كه ده‌ستی دێنا له گه‌ڵم لێ داته‌وه، ده‌ستم له پشتمه‌وه ده‌شارده‌وه. ئه‌ویش بزه‌یه‌كی تاڵ ده‌كه‌وته سه‌ر لێوی. ئاخر نه‌مده‌ویست گومان بكه‌نه من، ئه‌و سووراییه‌ی ده‌ستم ببینن. سڕم ئاشكرا بێ. دواتر بۆم روون بۆوه، هه‌موو ئه‌وانه‌ی له هۆزی ئێمه هاتبوونه ناو قه‌ڵا، هه‌ر هه‌موویان،ده‌ستیان له من سوورتر بووه. به‌ره به‌ره سوورایی ده‌ستیان كاڵ بۆته‌وه. یان ره‌نگه خوومان پێوه‌ده‌گرت، له‌به‌ر چاوی خۆمان كاڵ ده‌بۆوه. به كردنه‌وه‌ی ده‌ركه، به یه‌كجاری ئه‌و دیواره به‌رز و قایمه‌ی قه‌ڵا، وه‌ك هه‌ڵم له به‌ر یه‌ك ره‌وییه‌وه. ئیتر نه بریندارێك بوو، نه كه‌لاكێك، نه كه‌نه‌فتێك. وه‌ك ئه‌وه‌ی قه‌ت نه‌بووبێتن. هه‌مووی له پێش چاوم ون بوو. به‌ڵام ئه‌وه‌ی راست بێ، هه‌ستم به بوونی دیوارێكی تازه له پێشمه‌وه كرد. زانیم ته‌نیا كه‌سانێكی تایبه‌ت ده‌توانن بچنه ئه‌و به‌ری ئه‌م دیواره. كه‌ڵكه‌ڵه كه‌وته گیانم. حه‌زێك. حه‌زی دۆزینه‌وه‌ی ده‌ركه‌ی ئه‌م دیواره تازه، حه‌زی ساز كردنی كلیلی تازه . . .
«گفتوگۆ كلیلێكه هه‌موو ده‌ركه داخراوه‌كان ده‌كاته‌وه»
نازانم ئه‌م پارچه چه‌رمه‌م چۆناوچۆن كه‌وته ده‌ست. نازانم، ئه‌مه چاره‌نووس یان سه‌ربه‌هۆرده‌ی كێ بووه، به‌م شێوه نووسراوه. دڵنیام ئه‌م چاره‌نووسه، ئه‌م قه‌ده‌ره یان هه‌رچی تۆ ناوی بنێی، ته‌نیا له ناوچاوانی كه‌سێك و دوان نه‌نووسراوه. بۆ دۆزینه‌وه‌ی سه‌ره‌هه‌ودای گوڵۆڵه‌ی ئاڵۆزی رابردوو، لكاندنی به ئێستاوه. زۆر به‌ره‌و دوا گه‌ڕامه‌وه. جگه له مانای نووسراوه‌ی ئه‌م كتێبه چه‌رمه زیاتر، چیم به‌بیردا نایات. نه دیوارێكم بینی له پشت سه‌رم، نه پردێك، نه كوێره رێیه‌ك. ئه‌وه‌ی كه بوو، له پێشمه‌وه بوو. ئه‌وه‌ی كه شكم ده‌برد، په‌رژینێكی پیرۆز بوو، ده‌بوو لێی تێپه‌ڕم. په‌رژینێكی روون، به روونی رۆژ هه‌ست ده‌كرا. ره‌شێنی بوو، له تاریكی شه‌ودا نه‌ده‌بینرا. من نووسه‌ری چه‌ند لاپه‌ڕه‌ی ئه‌م پارچه چه‌رمه، هه‌ستم كردبوو. له‌م بازنه‌یه‌ی ئێمه‌مانان تێیدا ده‌ژین، دونیایه‌كی تر، بازنه‌یه‌كی تر هه‌یه. ئه‌وه‌م به ته‌جره‌به، به سازكردنی كلیل، به كردنه‌وه‌ی ده‌ركه‌ی تازه، بۆ روون بۆوه.
بازنه‌یه‌ك له ناو بازنه‌یه‌كی تر. چه‌شنی خانوویه‌كی چه‌ند نهۆمی. دانیشتوانی نهۆمی سه‌ر، نه‌دیون له دانیشتوانی ژێره‌وه. به‌ڵام چرپه‌ی پێ و ده‌نگیان دێته گوێ، هه‌ست به جموجۆڵیان ده‌كرێ. منیش شتێك له‌م چه‌شنه، هه‌ستم به بوونی جه‌ماوه‌ر و جه‌غزێكی تر ده‌كرد. په‌یتا په‌یتا ده‌نگێك، له وشیاری و خه‌ودا. به‌رده‌وام هانی ده‌دام. هانی ده‌دام بۆ ترازان له جه‌غزی خۆم. ئاوێته بوونی دونیای جه‌غزێكی تر. هانی ده‌دام بۆ گفتوگۆ. بۆ سازكردنی كلیل. بۆ كردنه‌وه‌ی ده‌ركی نێوان ئه‌و جه‌غزانه. «كاره‌كه سووك و سانایه. ته‌نیا شڵپێك خوێن و به قه‌رایی شوێن چه‌قۆیه‌ك خاكی ده‌وێ.»
چاڵه‌كه پڕ بووه له خوێن. خه‌ریكه ده‌مه‌یێ. با چه‌قۆیه‌كی تێخه‌م. به سه‌ری قامك هێزی ده‌ده‌مه سه‌ر، با جوان شه‌قڵ بگرێ. توربه‌ی خۆڵه‌كه كه پێشتر پڕم كردبوو، ده‌كه‌مه‌وه. له ناو خوێنه‌كه، له جێ شه‌قڵی چه‌قۆكه، ئه‌و چه‌قۆیه‌ی سه‌ركرده‌م پێكوشت، ده‌پڕژێنم. چاوێك له ته‌رمی سه‌ركرده ده‌كه‌م. مچوڕكێك دێ به له‌شمدا. بۆ ئیستێك قێزم دێ له خۆم. بێ ئه‌وه‌ی خاك و خۆڵم پێوه‌بێ، خۆم ده‌ته‌كێنم. بیر ده‌كه‌مه‌وه.
دوودڵی ده‌كه‌وێته گیانم. خه‌ریكه رۆحم ده‌خوات. ئه‌گه‌ركوو له پشت ئه‌م ده‌ركه هیچ نه‌بێ؟ ئه‌گه‌ركوو هیچ شتێك نه‌گۆڕدرێ؟ ده‌یان و سه‌دان ئه‌گه‌ر و پرسیاری كه. چه‌شنی جۆڵاته‌نه نازانم له كوێوه ده‌كه‌ونه ناو سه‌رم. مێشكم ده‌ته‌نن. بڕوا ناكه‌م وابێ. ناشبێ وابێ. بڕۆن ده‌ستم لێ هه‌ڵگرن. ئه‌وه‌تا، هه‌ر لاپه‌ڕێكی ئه‌م كتێبه، ئه‌م كتێبه سه‌یر و سه‌مه‌ره‌یه، ئه‌وه ده‌سه‌لمێنێ. ده‌ركێكی‌تر، جه‌غزێكی تر هه‌بێ. هه‌ر به‌شێكی، به ده‌ستی كه‌سێك نووسراوه. نووسه‌ری هه‌ر به‌شێك، رۆژێك بكوژ و رۆژێكیش كوژراوه. بۆته كلیل، بۆ كردنه‌وه‌ی ده‌ركه. به قه‌رایی به‌شه‌كانی ئه‌م كتێبه، بكوژ و كورژاو، ده‌ركه وكلیل، دونیای تازه بووه. ئه‌وه‌ش رێی هیچ شك و گومانێك ناهێڵته‌وه. ده‌ركه‌و دونیای تازه نه‌بێ. نابێ گومان بكه‌م. نابێ دڵنه‌رم بم. ده‌بێ هه‌ر چه‌شنه گومانێك، پرسیارێك له مێشكمدا به‌ر له‌وه‌ی بگروێ، بكووژم.
ئه‌م جه‌نابی سه‌ركرده‌یه‌ش، رێی تێده‌چێ چه‌ند كه‌سی كوشتبێ. خۆ هیچ نه‌بێ بكوژی تاقه كه‌سێك بووه. ئه‌گینا نه‌ده‌گه‌یشته ئه‌م پله‌وپایه. به‌ڵگه‌یه‌كی حاشا هه‌ڵنه‌گری تر، بوونی ئه‌م كتێبه‌یه. ئه‌گه‌ر وا نییه، چۆناوچۆن كه‌وتۆته ده‌ستی؟ خۆ منیش پاش كوشتنی ئه‌و، كه‌وته ده‌ستم. ئه‌وه‌ش به‌ڵگه‌یه‌كی كه. ئه‌وه‌تا ئه‌و خاك و خوێنه، چۆن چۆنی سفت و ره‌ق بووه. سه‌یره. ده‌ڵێی له كووره‌ی ئاسنگه‌ری ئاو دراوه. ئه‌مه‌ش كلیل. ده‌ستم ته‌ڕ ده‌بێ. لام وایه ناو ده‌ستم ئاره‌قی كردبێ، سه‌یری ده‌كه‌م. سه‌رم سووڕ ده‌مێنێ. ده‌ستم خه‌ریكه سوور ده‌بێ. ئه‌وه‌ش خۆی به‌ڵگه‌یه‌كه. ئه‌وه‌ش یه‌كی تر! ئه‌م ده‌ركه له به‌ر ده‌مم قوت بۆوه. ره‌نگه پێشتر له‌وێ نه‌بوو. یان باشتر وایه بڵێم لێم نه‌دیو بوو. رازی ده‌ركه‌وتنی ده‌ركه، سازكردنی كلیله. ره‌نگه تا كلیل نه‌بێ، قفڵ نه‌بێ. ده‌ركه نه‌بێ، پێچه‌وانه‌شی ره‌نگه وابێ.
به‌ره‌و ده‌ركه ده‌چم. هه‌ڵوێستێك ده‌كه‌م. بۆ دواجار، چاو له ته‌رمی سه‌ركرده‌ی گه‌وره ده‌كه‌م. به دڵه‌ڕاوكێ و گومانه‌وه، كلیل ده‌خه‌مه ناو قفڵی ده‌ركه. ده‌ركه به قه‌رایی ئه‌وه‌ی ته‌نیا خۆمی پێدا بچم، ده‌كرێته‌وه. چاو ده‌قووچێنم، هه‌نگاو ده‌نێم. لاقم سست و له‌رزۆكه، له دووم نایه. به هه‌ر له‌ونێك بێ،خۆ له‌و دیوی ده‌ركه ده‌په‌ستێوم. ژێر پێم خاڵی ده‌بێ. له بڵینداییه‌كی زۆر به‌رزه‌وه ده‌كه‌ومه خوار. دڵنیام كارم كۆتایه. ئێستا یان ساتێكی تر، له عه‌رزی ده‌كه‌وم. هه‌پروون به هه‌پروون ده‌بم. خوایا ئه‌وه بۆ ناگه‌مێ. به ئاسته‌م گۆشه‌یه‌كی چاوم ده‌كه‌مه‌وه. ده‌بینم له ناو بیرێك یان داڵانێكی باریك و پێچه‌ڵاوپووچ كه‌وتووم، به توندی سه‌ر به‌ره‌و ژێر ده‌ڕۆم. توندتر له هه‌موو ماشین و فڕۆكه‌یه‌ك. ره‌نگه خێراتر له نووریش. هه‌ست ده‌كه‌م ساڵه‌هاتێكی زۆره له ناو ئه‌م داڵانه پێچه‌ڵاوپووچه‌دا، سه‌ربه‌ره‌و خوار ده‌خزێم. بیر له یه‌كه‌م نووسه‌ری ئه‌م كتێبه ده‌كه‌مه‌وه، سه‌ركرده‌ی شه‌ڕی گه‌وره. ئه‌ویش وتوویه‌تی، پاش گه‌ڕانه‌وه له شه‌ڕی گه‌وره، ساڵه‌هاتێك به‌ڕێوه بووه.
ئه‌گه‌ر هاتو ئه‌م رێگه‌یه‌م به سڵامه‌تی بڕی، ئه‌گه‌رچی بڕواش ناكه‌م، منیش وه‌ك هه‌موو ئه‌وانه‌ی تر، سه‌ربه‌هورده‌ی خۆم ده‌نووسمه‌وه. چه‌ند لاپه‌ڕه، به‌شێكی تازه، ده‌خه‌مه سه‌ر ئه‌م كتێبه سه‌یر و سه‌مه‌ره‌یه. به‌ڵام ئه‌وه‌ی راست بێ، تێدا ماوم، نازانم جنسی چییه. له سه‌ر چی بنووسم كه كتێبه‌كه دوو ره‌نگ نه‌بێ. دڵنیام، ئه‌مه‌ش ره‌نگه قه‌ده‌ر بێ. كاتی خۆی بگات، ئه‌و كه‌ره‌سه‌یه‌ش ده‌كه‌وێته به‌ر ده‌ستم. له‌وه ده‌چێ ورده ورده خه‌ریكه خێرایی كه‌وتنه خوارم، كه‌م و كه‌متر ده‌بێته‌وه. ئه‌وه خه‌ریكه به ته‌واوی ده‌وێستم. چاوم ده‌نووقێنم. ره‌نگه ئه‌وه رۆحم بێ هه‌ست به وێستان بكات. ئه‌گینا چۆن ئه‌قڵ ده‌یبڕێ، پاش به‌ربوونه‌وه له به‌رزاییه‌كی ئاوا تووش و سه‌خت. مرۆ له پۆڵاش بێ،هه‌پروون به هه‌پروون ده‌بێ. ئه‌ویش به‌و تیژی و خێراییه!
ئێستا به ته‌واوی ده‌وێستم.زات ده‌كه‌م، چاوم هه‌ڵدێنم. له شوێنێكی زۆر غه‌ریب و نه‌دیو دام. شۆره‌یه‌كی به‌رز، له پێش چاومه. ئه‌م هه‌موو برینداره، برسی و كه‌لاكه، له كوێوه په‌یدا بوون. بڵێی پاشماوه‌ی له‌شكری تێكشكاوی كام شه‌ڕ بن. سه‌یر ئه‌وه‌یه، ئه‌م دیمه‌نه ده‌ڵێی دیمه‌نی یه‌كه‌م لاپه‌ڕه‌ی ئه‌م كتێبه‌یه. ئه‌و ده‌نگه نه‌گبه‌تییه دێته گوێم. ئه‌و ده‌نگه‌ی له لاپه‌ڕه‌كانی ئه‌م كتێبه‌دا سه‌دان جار ئاماژه‌ی پێكراوه. خۆشم ده‌یان جار بیستوومه. ئه‌و ده‌نگه‌ی به‌رده‌وام هانی ده‌دام بۆ ترازان له جه‌غزی خۆم. «به‌ر له‌وه‌ی مانگ له دیواری قه‌ڵا ده‌ركه‌وێ، ده‌ركێك له ناو دڵی قه‌ڵا به‌دی ده‌كرێ. ئه‌گه‌ركوو كلیلی ده‌ركه ده‌سبكه‌وێ. به‌خته‌وه‌ر ئه‌و كه‌سه‌یه بێته ناو قه‌ڵا. ده‌بێته هاوده‌می ئێمه. ده‌بێته دانیشتووی تێروته‌سه‌لی هه‌تاهه‌تایی ناو قه‌ڵا. ده‌ست‌خستنی كلیل،پێویستی ته‌نیا به شڵپێك خوێن و لاوێچێك خاك هه‌یه.»
به خۆمدا ده‌په‌رمووم. سه‌رم دوو سێ جار به توندی راده‌وه‌شێنم. به‌ڵكوو ئه‌گه‌ر مێشكم شڵه‌قابێ، بچێته‌وه شوێنی خۆی. بیر ده‌كه‌مه‌وه. له سه‌ركرده‌ی شه‌ڕی گه‌وره، له نووسه‌ری یه‌كه‌م لاپه‌ڕه‌ی ئه‌م كتێبه. له سه‌ركرده‌ی گه‌وره، كه من بكوژیم. له قه‌ڵا، له ده‌ركه، له كلیل، له خوێن و چه‌قۆ و خاك. بیر ده‌كه‌مه‌وه. بیر له گفتوگۆ. له گفتوگۆی نێوان ئێمه و كه‌سگه‌لی ناو قه‌ڵا. كه له سه‌ر ئه‌و شۆره به‌رزه‌وه ده‌ڕواننه ئێمه. ئێمه‌ی ئه‌مبه‌ری شۆره. كه برین و ماندوویی، برسێتی و سه‌رما، رۆحی هێناوه‌ته سه‌رلووتمان. ئێمه‌ی بڕست لێبڕاو. بیر ده‌كه‌مه‌وه له چۆنیه‌تی به‌شداری ئێمه له‌م گفتوگۆیه. له چه‌ندایه‌تی به‌شی ئێمه، كه لایه‌كی ئه‌م گفتوگۆیه‌ین. له راده‌ی گوێ‌ڕاداشتنی دانیشتوانی ناو قه‌ڵا، بۆ قسه‌ی ئێمه.
بیرێكی تازه خۆی ده‌هاوێته ناو مێشكم. پرسیارێكی تازه. چ ده‌بێ! له بری سازكردنی كلیل، بۆ كردنه‌وه‌ی ده‌ركه، هه‌وڵ بدرێ بۆ خاپووركردنی دیوار؟ وه‌ك سه‌ره‌تا، به‌و شێوه‌ی كه له‌م كتێبه‌دا هاتووه، نه‌هێڵین بسته دیوارێك ببێته په‌رژین. ئه‌م چه‌قۆیه، ته‌نیا كه‌ره‌سه‌ی به‌رده‌ستمه. هه‌وڵ ده‌ده‌م بۆ رووخاندی به‌ردی بناغه‌ی ئه‌م شۆره‌یه. ره‌نگه من یه‌كجار زۆر بچووك بم، بۆ ئه‌م كاره. گرینگ نییه. ته‌نیا بۆ ئه‌وه‌ی كارێكم كردبێ، ناوێستم. ئه‌گه‌ر بكه‌ومه به‌ر هێرشی قیل و ئاوی كوڵاو. یان له ژێر گابه‌ردێكدا پان و فڵیچ ببمه‌وه. هه‌وڵ ده‌ده‌م.
سه‌یره. له‌گه‌ڵ وه‌شاندنی هه‌ر ده‌مه چه‌قۆیه‌ك، پیتێك له سه‌ر چه‌رمی دڵم ده‌نووسرێ. ورده ورده پیته‌كان ریز ده‌بن، ده‌بن به واژه. واژه‌كان ده‌بن به دێڕ. به كاوه‌خۆ، سه‌ر به‌هورده‌ی من ده‌نووسنه‌وه. چه‌رمی دڵم ده‌بێته لاپه‌ڕه‌یه‌كی تازه‌ی ئه‌م كتێبه. لێم روونه، ئیتر لاپه‌ڕه‌كانی ئه‌م كتێبه، دووڕه‌نگ نابێ. وه‌سیه‌ت بێ بۆ تۆ. بۆ تۆ! كه ئه‌م كتێبه‌ت ده‌كه‌وێته ده‌ست. چه‌رمی دڵم وه‌ك قژه‌سه‌ر، تاڵ تاڵ بكه‌ی. بیكه‌یه ژێ. ته‌مووره‌یه‌ك ساز كه‌ی. كاسه‌كه‌ی دار سێ‌و بێ، ده‌سكه‌كه‌شی داری به‌ڕوو. دڵنیام هه‌ر كه‌سێك ئه‌و ته‌مووره‌یه بژه‌نێ، سه‌ربه‌هورده‌ی من ده‌خوێنێته‌وه. سه‌ر له‌به‌ری ئه‌م كتێبه ده‌خوێنێته‌وه.
جۆزه‌ردانی 81 (6/2002)
له دایك بوونێكی دیكه